|
|
|
|
|
8.جێگه‌و پێگه‌ی حیزب له حکوومه‌تدا - به شی یه که م
چاوپێکه‌وتنی ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی " رۆژنامه " یه‌کشه‌ممه 18/5/2008
ئاماده‌کردنی: شه‌هرام عه‌بدوڵڵا
جێگه‌و پێگه‌ی حیزب له حکوومه‌تدا
به‌شی یه‌که‌م
له‌و وڵاتانه‌ی که دیموکراسی پارله‌مانی به‌رقه‌راره و خه‌ڵک سه‌ربه‌ستانه به حیزبه‌کان ده‌نگ ئه‌ده‌ن، ئه‌و حیزبه‌ی که زۆرینه‌ی کورسییه‌کانی پارله‌مانی هه‌یه به ته‌نها یان به ئیتیلاف له‌گه‌ڵ یه‌ک یا چه‌ند حیزبی دیکه له پێشدا سه‌ره‌کوه‌زیر و دواتر باقی وه‌زیره‌کان ده‌ستنیشانده‌که‌ن. ده‌وڵه‌تێک که به‌م چه‌شنه دێته سه‌رکار پاش پێشکه‌ش کردنی وه‌زیره‌کان به پارله‌مان به پێی ئه‌و پرۆگرامه‌ی که له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا رایانگه‌یاندووه، ده‌ستده‌که‌ن به‌کار.
هه‌ڵبه‌ت به‌هۆی میدیای ئازاد‌و ده‌زگای راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆوه خه‌ڵک ئاگاداری ورده‌کارییه‌کانی ئه‌م سیاسه‌تانه ئه‌بن و هه‌ر له‌م رێگایه‌وه به‌ره‌وڕووی پرسیار ده‌بنه‌وه له‌سه‌ر چۆنییه‌تی به‌ره‌وپێش چوون یان جێبه‌جێنه‌بوونی پرۆژه‌کانیان. دیاره ئه‌م ره‌وته له‌هه‌موو وڵاتێک وه‌کوو یه‌ک ناچێته پێش و به‌پێی ئاستی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگاو گه‌شه‌ی دیموکراسی له وڵاتێکه‌وه بۆ وڵاتێکی دیکه له‌وانه‌یه جیاوازبێت.
له‌هێندێک وڵات تاکه حیزبێک هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ستدایه وه‌کوو چین و کۆریای باکوور و سووریا و تورکمه‌نستان و هتد. له‌م وڵاتانه هیچ سیاسه‌تێک و هیچ پرۆژه‌یه‌ک به‌بێ ره‌زامه‌ندی حیزب به‌رێوه‌ناچێت و هه‌موو به‌رپرسان و کارگێڕانی دام و ده‌زگاکان له‌سه‌ره‌وه هه‌تا خوار، راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌وانه‌وه هه‌یه.
وڵاتانێکیش هه‌ن که دوو حیزبی گه‌وره‌یان هه‌یه و ده‌سه‌ڵات له‌نێوانیاندا دێت و ده‌چێت ئه‌ویش له‌ئاکامی هه‌ڵبژاردندا. جا یان هه‌ر یه‌کێک له‌و دووانه ده‌گاته ده‌سه‌ڵات وه‌کوو نموونه‌ی ئه‌مریکا یان ئه‌وه‌ی که دوو یان چه‌ند حیزب له به‌ره‌ی راست و به‌ره‌ی چه‌پ زۆرینه‌ی پارله‌مان به‌ده‌ست دێنن وه‌کوو فه‌رانسه، ئه‌ڵمان، سوێد و هتد.
سه‌یر ئه‌وه‌یه که کوردستان تاقه وڵاته که دووحیزبی گه‌وره‌ی هه‌یه به‌ڵام ده‌سه‌ڵات له‌نێوانیاندا دابه‌ش ده‌کرێت نه‌ک ده‌ستاوده‌ست بکات. وه‌ک ده‌رکه‌وتووه، له ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 1992دا پاش ئه‌وه‌ی به دانانی سیسته‌می رێژه‌یی %7 که هه‌ر ئه‌وکات به‌لای زۆر له چاودێرانی ده‌ره‌و و ناوه‌وه نائاسایی و نادیموکراتییانه بوو، سه‌ره‌نجام پارتی یه‌ک کورسی زیاتر له یه‌کێتی هێنا و به‌ڵام "له‌به‌ر باروودۆخی تایبه‌تی کورستان" و بۆ ئه‌وه‌ی پێش به بارگرژی بگیرێت، کرا به فیفتی-فیفتی یه به‌ناوبانگه‌که! زۆر به داخه‌وه ئه‌م سازشه نادیموکراتیکه و ئه‌م به‌ناو دڵسۆزییه بۆ باروودۆخی تایبه‌تی کوردستان، پاش ته‌نها دووساڵ ئه‌نجامه‌که‌ی بوو به شه‌رێکی خوێناوی و رووخێنه‌ر.
کێشه‌ی سه‌ره‌کی له‌کوردستان له‌وه‌دایه که له نێوان حیزبی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدا هیچ سنوورێک نییه. وه‌ک وڵاتانی تاک حیزبی نییه که یه‌ک حیزب هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی له‌لای خۆی کۆکردبێته‌وه و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیزبه و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه هیچکه‌س نه‌وێرێت ده‌نگ هه‌ڵێنێت. کوردستان وڵاتێکه به‌شێوه‌یه‌کی نائاسایی دابه‌شکراوه له‌نێوان دوو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و دووحیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا که به‌رهه‌می مێژووێکن به دووتایبه‌تمه‌ندییه‌وه: له‌لایه‌که‌وه خه‌بات و تێکۆشان وبه‌رگریکردن له‌خۆ له‌لایه‌کی دیکه‌وه و سیاسه‌تی جینۆساید و قڕکردن و کاولکاری حکوومه‌تی به‌عس.
ئاشکرایه کاتێک که ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆری وه‌کوو حکوومه‌تی صدام له وڵات نامێنێ و حیزبی چه‌کدار به‌ئه‌زموونی خه‌بات له شاخ ده‌گه‌رێته‌وه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری ئه‌گرێته ده‌ست، له‌یه‌که‌م رۆژه‌کاندا له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه ئه‌م حیزبانه به ژماره‌ی شه‌هیده‌کان، خه‌باتی شاخ و مێژووی له‌خۆبوردوویی و خۆبه‌ختکردن و ژیانی سه‌ختی شاخ ده‌ناسرێنه‌وه‌و هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێن. ئه‌م هێزه سیاسییانه ئه‌و کاته‌یش که له شار رێکخستنی نهێنییان هه‌بوو، هه‌روه‌کوو پشتیوان بۆ خه‌باتی چه‌کداری چاوییان لێده‌کرد هه‌تا ئه‌وه‌ی رێگای خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ناوشارو ئاماده‌کاری بۆ وه‌رگرتنی به‌رپرسیاره‌تی و شاره‌زابوون له شێوه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ژیانی ئیداری خه‌ڵک. ئه‌وانه له هه‌لومه‌رجێکدا هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات که خواستی خه‌ڵک نه‌مانی حکوومه‌تی دژبه‌کوردی به‌عس و هاتنه‌سه‌ر حوکمی کورد بوو. لای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک وابوو که کوردستان به ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی ئه‌بێته به‌هه‌شتی ئازادی و وه‌ڵامی هه‌موو گیروگرفته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به ئاسانی ئه‌دۆزرێنه‌وه.
به‌ڵام شه‌رت نییه ئه‌و که‌سانه‌ی که بۆبه‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیکتاتۆری ده‌ست ئه‌ده‌نه چه‌ک و ئاماده‌ن گیانی خۆیشیان له پێناوی سه‌ربه‌ستی و دیموکراسیکدا به‌خت بکه‌ن، له کاتی خۆشی و گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ر هه‌مان گیانی خۆبه‌خشی و پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندی گشتییان تێدا بمێننه‌وه.
ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له‌گه‌ڵ دووده‌سه‌ڵاتی سیاسی له دونیادا بکه‌ین که له ئاکامی خه‌باتی شۆرشگێرانه‌وه هاتنه سه‌ر حوکم و گه‌ێشتنه لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵات (نێلسۆن ماندێلا له ئه‌فریقای باکوور و رۆبێرت مۆگابێ له زیمبابوه) ئه‌وا ره‌نگه باشتر بتوانین هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکه‌ین. ماندێلا هه‌ر زوو ئه‌وه‌ی بۆی جێبه‌جێ‌ده‌کراو پێی باشبوو ئه‌نجامیدا که سیاسه‌تێکی داهێنه‌رانه، مرۆڤدۆستانه و له‌خزمه‌ت خه‌ڵکدا بوو که له ئه‌فریقایش و له‌هه‌موو جیهان رێز و خۆشه‌ویستییه‌کی تاقانه‌ی بۆ به‌دیاری هێنا. ماندێلا کاتێک که له باڵاترین ئاستی خۆشه‌ویستیدا بوو له ناو جه‌ماوه‌ردا، وازی له ده‌سه‌ڵات هێنا. رێبه‌رانی وڵات و به‌تایبه‌ت هاورێکانی له ناو ئه‌ی.ئێن.سی. هه‌موو هه‌وڵی خۆیان له‌گه‌ڵیدا به‌ڵام ئه‌و له بریاره‌که‌ی پاشگه‌ز نه‌بووه‌وه. له‌ولاشه‌وه مۆگابێ له زیمبابووه ئه‌وا ئه‌چی بۆ 28 ساڵ که له شۆرشگێرێکی زۆر خۆشه‌ویسته‌وه له‌وڵات و له‌ده‌ره‌وه‌ش، ئێستا بووه به دیکتاتۆرێک که به چنگ و ددانیش تێده‌کۆشێ که ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست نه‌دات و نه‌ک خۆشه‌ویست نه‌ماوه به‌ڵکوو به‌زه‌بری چه‌ک و هیزی چه‌کداری ئاشکرا و نهێنی تۆقێنه‌ر، دۆزه‌خێکی بۆ گه‌لی زیمبابوه پێکهێناوه. له‌وڵاتی ئێمه به‌داخه‌وه ئه‌گه‌ر له رۆبێرت موگابه‌وه نزیک نه‌بین، به‌هه‌رحاڵ له نێلسۆن ماندێلاوه زۆر دوورین!
که سه‌یری ئاڵقه‌یه‌کی حیزبی ده‌که‌یت، نازانیت ئه‌مه چه‌نده له‌سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدایه یان له‌گه‌ڵی له‌یه‌ک ئاستدایه. هه‌موو جارێک که بۆنه‌یه‌ک هه‌یه دیار نییه له‌به‌رچی به‌رپرسی لقی فڵان و مه‌ڵبه‌ندی فڵان له‌ریزی پێشه‌وه‌دان و شانبه‌شانی وه‌زیرێک و یان به‌رپرسێکی سه‌ربازی و ئابووری و ئیداری به‌شدارن له کۆڕ و کۆبوونه‌وه و وتووێژه‌کاندا. کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆکی حیزب له‌گه‌ڵ لق و مه‌ڵبه‌نده‌کانی حیزبه‌که‌یان پانتایه‌کی زۆر ده‌گرێت و ده‌زگاکانی راگه‌یاندن، که‌زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان حیزبین به‌رده‌وام له پێشه‌وه‌ی هه‌موو هه‌واڵێکدا باسی لێوه‌ده‌که‌ن.
کاتی هه‌ڵبژاردن له‌هه‌موو وڵاتانی چه‌ند حیزبی و دیموکراسیدا واباوه که کاندیداکان له رێگای کاناڵه‌کانی راگه‌یاندنه‌وه سیاسه‌ته‌کانی خۆیان باسده‌که‌ن، جیاوازییه‌کانیان له سه‌ر بواره جۆراوجۆره‌کانی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی دیکه‌دا ده‌ستنیشانده‌که‌ن و ره‌خنه‌یشیان لێده‌گرن و هه‌وڵ‌ئه‌ده‌ن که ده‌نگی زۆرتر بۆلای خۆیان رابکێشن. به‌ڵام ئه‌م دیارده‌یه له‌کوردستان یان هه‌ر نییه، یان زۆر لاوازه. له‌کاتی ده‌نگداندا داوا له خه‌ڵک ده‌کرێت که وه‌ک هه‌ڵوێستێکی نه‌ته‌وه‌یی بچنه سه‌ر سندووقی ده‌نگدان و له‌وکاتانه‌دا توندوتیژی و تاوانه گه‌وره‌کانی رژیمی به‌عس دێننه‌وه به‌رچاوی جه‌ماوه‌ر. واته ئێمه دژ به‌و رژیمه خه‌باتمان کردووه، ئه‌گه‌ر ده‌نگمان پێنه‌ده‌ن مه‌ترسی گه‌رانه‌وه‌ی دیکتاتۆری هه‌یه!
شه‌ری ناوخۆ و ئه‌و کاره‌ساته‌ی که له ساڵی 1994 به‌م لاوه له کوردستان روویدا، هه‌ڵه‌ی رێبه‌رێک یان به‌رپرسێکی پێشمه‌رگه نه‌بوو، به‌ڵکوو به‌رهه‌می رابردوویه‌کی پرله توندوتیژی و ململانێ، شه‌رو پێکدادان و له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌ڵنه‌کردن بوو که شوێنه‌واره‌که‌ی هه‌تا ئێستاش له تێکه‌ڵ نه‌بوونی وه‌زاره‌ته‌کان و له‌په‌راوێز خستنی حیزب و لایه‌نه‌کانی دیکه‌دا ئه‌بینرێن.
له‌لایه‌کی تره‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی ساڵی 1992 حیزبه‌کوردییه‌کان به پرۆگرامێکی سیاسی دیاریکراوه‌وه نه‌هاتنه پێش و هیچ پرۆژه‌یه‌کییان نه‌خسته به‌رده‌م ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که وه‌کوو نوێنه‌ری خۆیان له یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنه گه‌وره‌که‌دا دا ده‌نگیان پێدان، خۆیان به قه‌رزاربار نازانن و به‌رده‌وام چاوه‌روانی سپاس و پێزانینن له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه. له‌وه‌ش خراپتر هه‌رکه ره‌خنه‌یان لێ‌گیرا ئه‌ڵێن ئه‌وه له‌بیریان چووه‌ته‌وه ئه‌م باروودۆخه به چ ره‌نجێک ده‌ست که‌وتووه. به‌واتایه‌کی دیکه ئه‌یانه‌وێت بڵێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه خه‌باتێکی دژوارمان کردووه له رابردوودا، ئێستا بۆمان هه‌یه بایه‌خ نه‌ده‌ین به ره‌خنه له‌و کارانه‌ی وا ده‌یکه‌ین.
بێگومان خه‌ڵک له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌یانزانی چی‌یان ناوێت، به‌ڵام نه‌یانده‌زانی چی دێته جێگای. چه‌ندین ساڵی پێچوو هه‌تا به ته‌واوی ده‌رکه‌وت که حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆنموونه به یاسای باری که‌سی و زۆربه‌ی یاساکانی رژیمی به‌عس کارده‌کات.
رۆژنامه‌ی "خه‌بات" رۆژی 7/5/2008 هه‌واڵێکی نووسیوه که له روانگه‌ی په‌یوه‌ندی حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌وه زۆر جێگای سه‌رنج و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه:
"دوێنێ له باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی مووسڵی ی.ن.ک لقی مووسڵی پ.د.ک و مه‌ڵبه‌ندی یه‌کێتی و لقی مووسڵی حزبی ئیسلامی ئێراقی
کۆبوونه‌وه‌یه‌کی سێ قۆڵیان به‌ست که تیایدا باس له ره‌وشتی ئه‌منی و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌رسێ لاو جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140ی
ده‌ستووری ئێراقی فیدراڵ هه‌روه‌ها قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیانی ئاواره‌کان و کۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام به‌تایبه‌تیش هه‌ماهه‌نگی له بواری
راگه‌یاندندا له پێناو پته‌وکردنی برایه‌تی نێوان کورد و عه‌ره‌ب کرا."
ئه‌مه نیشانی ئه‌دا که:
• هه‌موو بریاره‌کان له‌نێوان ئه‌و سێ حیزبه‌دا ئه‌برێته‌وه و ده‌سه‌ڵات له‌لای ئه‌وانه،
• نه‌ک هه‌ر کاروباری مووسڵ، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت پرسی گرینگی وه‌کوو ماده‌ی 140یش باسی لێده‌کرێت،
• گه‌ڵاڵه داده‌نێن بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیانی ئاواره‌کان که پرسێکه ته‌واو گرێدراوی پاره‌و بوودجه و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کانه،
• کۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام له بواری راگه‌یاندندا بۆ پته‌وکردنی برایه‌تی کورد‌و عه‌ره‌ب که مانای ئه‌وه‌یه ده‌زگاکانی راگه‌یاندن یه‌که‌م، له‌ده‌ستی ئه‌واندایه و دووهه‌م، هه‌تا ئێستا به‌جۆرێکی دیکه ره‌فتاریان کردووه.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌شی دووهه‌م کلیکی ئه‌مه بکه
به‌شی دووهه‌م
بۆ بینینی خودی وتاره‌که له‌سه‌ر رۆژنامه‌ی "رۆژنامه" کلیکی ئه‌مه بکه
لاپه‌ره‌ی شه‌شه‌می رۆژنامه
ئه حمه د ئه سکه نده ری
|
|
|
|
|
|
|
|