|
|
|
|
|
5.چوار کتێب، چوار به‌سه‌رهات له ده‌ستدرێژی سێکسی
4 کتێب و 4 به‌سه‌رهاتی پڕ ئێش‌وئازار له ده‌ستدرێژی سێکسی
یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ی که له وڵاتانی پێشکه‌وتوو ساڵانێکه له کتێب و رۆژنامه‌کاندا باسی لێوه‌ده‌کرێت، لێکۆڵینه‌وه‌یه له‌سه‌ر زۆر لایه‌نی ژیانی تاکه‌که‌س و بنه‌ماڵه که جاران ته‌نانه‌ت له‌م وڵاتانه‌شدا ده‌ست بۆبردنیان بڤه‌بوو. باسی به‌سه‌رهاتی ناخۆش، تاوان و کاری خراپی باوک و برا و خزمی نزیک به‌رامبه‌ر به کچان و ژنانی بنه‌ماڵه و هه‌روه‌ها توندوتیژی و ده‌ستدرێژی سێکسی هه‌ر له‌م په‌یونده‌دا ئیتر له‌م وڵاتانه بڤه نییه.
بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له وڵاتێکی وه‌کوو سوێد ئه‌م بابه‌ته تا چ راده‌یه‌ک باسی لێده‌کرێت، چوار نموونه‌م هه‌ڵبژاردووه که له‌سه‌ر چوار کێشه‌ی جیاواز ده‌دوێت و له چوار بنه‌ماڵه‌ی جیاوازدا روویانداوه. یه‌که‌م کورێک که له‌گه‌ڵ برا بچووکه‌که‌یدا به ساڵان ئازاردان و ده‌ستدرێژی باوکیان بۆ سه‌ر دایکیان بینیوه. دووهه‌م و سه‌رنجراکێش ئه‌وه‌ی که پیاوێک که ماوه‌یه‌ک بۆ خۆی له حکوومه‌تی سۆسیال دیموکراته‌کاندا وه‌زیر بووه کتێبێکی له‌سه‌ر دایکی خۆی نووسیوه: کتێبێک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که چۆن له کۆتایی شه‌ری جیهانی دووهه‌مدا ده‌ستدرێژی کراوه‌ته سه‌ر دایکی و به‌و بۆنه‌وه دایکی تووشی ئازاری ده‌روونی زۆر بووه. سێهه‌م خانمێک که هه‌ر له منداڵییه‌وه و به‌تایبه‌ت پاش جیابوونه‌وه‌ی دایک و باوکی، که‌وتووه‌ته به‌ر په‌لامار و ده‌ستدرێژی باوکه‌که‌ی خۆی.سه‌ره‌نجام ژنێکی گه‌نج که دوو که‌س ئێواره‌یه‌ک ده‌ستدرێژی ده‌که‌نه سه‌ری له‌باروودۆخێکی ناخۆشدا، پاشان رزگاری ده‌بێت و ئێستا به‌سه‌رهاته‌که‌ی خۆی له کتێبێک‌دا نووسیوه‌ته‌وه.
1- یه‌که‌م به‌سه‌رهات هی کورێکه که شاهیدی توندوتیژی بووه له‌لایه‌ن باوکییه‌وه به‌رامبه‌ر به دایکی. ئه‌م کوره که ئێستا خۆی بووه به باوک ده‌پرسێت ئه‌وه چۆنه ئه‌گه‌ر ببی به دایک یان باوک له کاتێکدا که خۆت له له‌گه‌ڵ باوکێکی ئه‌لکهۆلیدا گه‌وره‌بووبیت؟ "ئاندێرس نیکڤیست" Anders Nykvist کتێبێکی نووسیوه بۆ منداڵه‌کانی خۆی له‌سه‌ر ململانێ بۆ رزگاربوون له‌رابردوو و دارشتنی ژیانی خۆی. " رۆژێکی به‌هاری ساڵی 1990 دایکم ته‌له‌فوونی کرد و مه‌رگی باوکمی پێراگه‌یاندم. ئه‌و ئاگای لێنه‌بوو چه‌نده من چاوه‌رێی ئه‌مه‌م کردبوو، که باوکم بمرێت و رزگارمان بێت له‌ده‌ستی، رزگاربين به‌ده‌ست ترس‌وله‌رزو تۆقاندنه‌وه. . . به‌ڵام کاتێک که گوتی مردووه خه‌مباربووم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئیتر ناکرێت هیچ مه‌حکه‌مه‌یه‌ک بکرێت و شته‌کان راست بکرێنه‌وه."
ئێستا ئه‌وا 17 ساڵ تێپه‌ڕیووه و "ئاندێرس" ته‌مه‌نی 40 ساڵه، هاوسه‌رو دوو منداڵی هه‌یه و سه‌رکه‌وتووانه کۆمپانیایه‌ک به‌رێوه ده‌بات. ئه‌و سه‌ره‌تا ده‌ترسا له‌وه‌ی که منداڵیان هه‌ببێت نه‌کا ئه‌وانیش تووشی هه‌مان چاره‌نووس بن. ئێستا دوو کچی هه‌یه؛ کلارا شه‌ش ساڵان و ئێللا دووساڵ‌ونیو. له‌سه‌ر یه‌ک پرسیاری کلارا بوو که بڕیاریدا بوێرانه بچێته‌وه به ناو مێژووی رابردووی خۆیدا. کلارا پرسیاری لێکردم "بابه، تۆ باوکت کایه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کردی؟" ئه‌ویش بیری کرده‌وه "به‌ڵام من چۆن ئه‌توانم بۆیان بگێرمه‌وه که چیم به‌سه‌ر هاتووه".
ئاندێرس بڕیاریدا کتێبێک له‌سه‌ر منداڵێ خۆی بنووسێت. هه‌تا دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه بوو که وا نیشانبدات ژیانی ئه‌و بێگه‌رد بووه و خۆی له خراپه‌کانی باوکی داده‌ته‌کاند. به‌ڵام ئێستا تێده‌کۆشێت هه‌موو به‌شه‌کانی ژیانی پێکه‌وه گرێبداته‌وه، به هه‌موو لایه‌نه ره‌ش و دزێوه‌کانییه‌وه؛ هه‌م له‌به‌ر خۆی و هه‌م له‌به‌ر منداڵه‌کان. ئه‌وان مافی خۆیان بوو ئه‌م راستییانه بزانن. ئه‌و ده‌یه‌ویست منداڵه‌کان کاتێک بوونه 12 ساڵ کتێبه‌که بخوێننه‌وه. . .
یه‌که‌م ره‌شنووسی کتێبه‌که حه‌فده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و پاش مردنی باوکی ئاماده بوو؛ 90 لاپه‌ڕه له به‌سه‌رهاتێك که هیچ که‌سێک له‌ده‌ره‌وه به‌خه‌ونیش نه‌یده‌دیت ئاوه‌هابێت چونکوو رووبه ده‌ره‌وه هه‌موو شتێک زۆر رێکوپێک و ته‌واو بوو. به‌ڵام له‌ناو ئه‌و خانووه گه‌وره‌یه‌دا سه‌رانسه‌ر رق و بێده‌ره‌تانی و خه‌م و ترسی منداڵێک بوو که باوکی ئه‌لکهۆڵی بوو، گیرۆده‌ی ماده‌ی بێهۆشکه‌ر بوو و ئازاری دایکیانی ئه‌دا. ئه‌م و برا بچووکه‌که‌ی راده‌کشان و ئاگایان لێ‌بوو که ده‌ستدرێژی ده‌کرایه سه‌ر دایکیان و ئازاری ئه‌درایه. ئاندێرس فێری ئه‌وه ببوو چۆن وا‌بکات له باوکی که بۆ ماوه‌یه‌کی که‌میش بووه له‌دایکی نه‌دات به‌ڵام باوکی هه‌ر دیسانه‌وه ده‌چووه‌وه سه‌ر دایکی. ئه‌و ئه‌ڵێت "من بوومه‌ته پسپۆڕی ناسینه‌وه‌ی مێشکی مرۆڤه‌کان، من ده‌بوو دایمه چه‌ند هه‌نگاو له پێشه‌وه‌ی رووداوه‌کاندا بم. ئه‌مه‌ش هه‌میشه وا سووک و ئاسان نه‌بوو".
ئه‌و ده‌یزانی له‌وانه‌یه خۆیشی بکه‌وێته ئه‌م وه‌زعه‌وه هه‌ربۆیه به‌رده‌وام شتی خوێندووه‌ته‌وه بۆئه‌وه‌ی سێ هه‌نگاو پێش هه‌مووانه‌وه بێت. "ئێستا ئه‌مه‌وێت شتی دیکه بکه‌م، بچمه‌ده‌ره‌وه، پیاسه‌بکه‌م و له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانمدا بم".
ئاندێرس له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی باسی ئه‌وه‌یان کردووه که له بنه‌ماڵه‌که‌یاندا چۆن بن؛ با منداڵه‌کان ببینن که دایکوباوکیان توانایی ئه‌وه‌یان هه‌یه بخۆنه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی که سه‌یرونامۆ و شه‌ڕئه‌نگێز بن. "هه‌ربۆیه ئێمه ده‌خۆینه‌وه، به‌ڵام زۆر که‌م."
ئه‌و وای لێهاتووه که ناوێرێت تووڕه‌بێت، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی زۆر دیپلۆماتانه هه‌ڵس‌وکه‌وت ده‌که‌ن، قه‌ت ناقیژێنن و له‌راستیدا قه‌ت شه‌ڕیان نابێت. " به‌ڵام ئێستا به‌ئه‌نقه‌ست ئه‌مه‌وێت تووڕه‌بم. منداڵه‌کان نابێت وابزانن ئه‌گه‌ر هه‌ستی خۆیان نیشان بده‌ن ئه‌وه کارێکی هه‌ڵه‌یه. زۆر جار له‌سه‌ر تووڕه‌بوون قسه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌که‌م . . . به‌ڵام گرینگ‌ترین شت ئه‌و زانیارییه‌یه که ئه‌تۆ خاوه‌نی منداڵه‌که نیت، به‌ڵکوو مرۆڤ به ئامانه‌ت منداڵی له‌لایه. به‌راستیش ئه‌وه سوودبه‌خشه که ببینیت چۆن منداڵه‌که‌ت گه‌وره ئه‌بێت و له‌گه‌ڵی بیت."
ئه‌وه‌ش گرینگه ئاماژه‌ی پێبدرێت که دایک و باوکی ئاندێرس له‌و بنه‌ماڵانه‌ندا گه‌وره‌بوون که تێیدا راستی رووداوه‌کانی ناوخێزان ده‌بێت بشاردرێنه‌وه! ئه‌وان بۆیان نه‌بوو به منداڵی هیچ باسێکی ماڵه‌وه‌یان ببه‌نه ده‌ره‌وه ته‌نانه‌ت بۆ لای خزمه‌کانیشیان.
2- جێنس ئوربه‌ک Jens Orback وه‌زیری پێشووی یه‌کسانی له ده‌وڵه‌تی سوسیال دیموکرات‌دا، که بۆخۆی نووسه‌ر و رۆژنامه‌وانه، کتێبێکی نووسیوه له‌سه‌ر به‌سه‌رهاتی دایکی له جه‌نگی جیهانی دووهه‌مدا که چۆن ده‌ستدرێژی کراوه‌ته سه‌ری له‌لایه‌ن سه‌ربازانه‌وه. کاتیای دایکی جێنس شه‌ش ساڵان بوو که هیتله‌ر به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشت و 18 ساڵان بوو که شه‌ری دووهه‌می جیهانی کۆتایی پێهات. ئه‌و گونده‌ی کاتیا لێی ده‌ژیا که‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپای سۆڤییه‌ت و ئه‌و له‌گه‌ڵ هه‌شت خوشک و برای ناچار که‌وتنه ئاواره‌یی و وه‌کوو نزیکه‌ی دوو ملیۆن ژنی دیکه، ئه‌م دایکه‌یش که‌وته به‌ر په‌لامار و ده‌ستدرێژی سێکسییه‌وه. له ئاواره‌ییه‌که‌دا و له‌کاتی تێپه‌ربوونی سپادا، خوشک وبراکانی کاتیا واده‌که‌ن کاتیای گه‌نج و جوان ده‌رنه‌که‌وێت، به‌ڵام سوودی نییه؛ دایکی کاتیا خۆی ده‌خاته پێش سه‌ربازه‌کان و ده‌پارێته‌وه "من ئه‌وه‌تا لێره‌م وه‌رن من بگرن!"
ژماره‌یه‌ک له سه‌ربازانی سۆڤییه‌ت و فه‌رمانده‌که‌یان په‌یتا په‌یتا ده‌ستدرێژی ده‌که‌نه سه‌ر کاتیای گه‌نج. ئه‌م وه‌زیره‌ی پێشوو ئه‌ڵێت: "یه‌که‌م په‌یوه‌ندی دایکم له‌گه‌ڵ پیاوان هه‌مووی بریتی بوو له ده‌ستدرێژیکردن. ئه‌مه هه‌ڵبه‌ت شوێنه‌واری خۆی داده‌نێت، له‌هه‌مان کاتدا دایکم دواتر ژیانێکی باشی هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌م سه‌فه‌ره هه‌روا سووک و ئاسان نه‌بووه."
نێوی کتێبه‌که ئه‌مه‌یه: "ئه‌و کاته‌ی جه‌ژنی سه‌رکه‌وتن به‌رێوه‌ده‌چوو، به‌سه‌رهاتی دایکم"
به ڕه‌چاوکردنی ئه‌و تراومایه‌ی (برینی ده‌روونیTrauma = ) که دایکی جێنس پێیدا ده‌رباز بووه، گرفت زۆر بوون له‌سه‌ر رێگای گێرانه‌وه‌ی ئه‌م به‌سه‌رهاته. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ئه‌و زۆر دڵنیا نه‌بوو که بتوانێت ئه‌م به‌سه‌رهاته ترسناکه‌ی دایکی بگێرێته‌وه؛ له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه هه‌ستی شه‌رمێکی زۆر و خۆ به‌خه‌تابارزانین که له‌لای قوربانییه‌کانی ده‌ستدرێژی سێکسیدا هه‌یه. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش زانینی راستییه‌کانی به‌سه‌رهاتی کچێکی گه‌نجی ئه‌ڵمانی گرینگه. هه‌موو کاری نووسین و باسکردنه‌که پاش راوێژکردن له‌گه‌ڵ خودی کاتیا واته دایکی خراوه‌ته پێش.
جێنس داوای‌کرد له هاورێیه‌کی رۆژنامه‌نووس که بۆخۆی په‌نابه‌رو قوربانی شه‌ربووه له ئێستۆنیا، به دوورودرێژی له‌گه‌ڵ دایکی قسه‌بکات و پرسیاری لێبکات و پاشان هه‌مووی تۆماربکات.
جێنس سه‌فه‌رێکی کرد، گه‌رایه‌وه بۆ ئه‌و گونده و له‌گه‌ڵ خزمه‌کانی دایکی له شوێن روودانی ئه‌و تاوانانه‌دا دوا.
ئه‌م به‌سه‌رهاته به دوو ده‌وراندا تێپه‌ر ده‌بێت؛ سه‌رده‌مێک بێده‌نگی و شاردنه‌وه‌ی راستییه‌که وه‌کوو له‌مپه‌رێک بۆ پارێزگاری له‌خۆ، سه‌رده‌مێکی دیکه‌ش به ده‌رخستنی راستییه‌کان و گێڕانه‌وه‌ی. له‌گوێن رۆژنامه‌نووسێکی سوێدی ئه‌م به‌سه‌رهاته ئاوێته‌یه‌که له ترس، گومان، برسییه‌تی و بێده‌ره‌تانی به‌ڵام هاوکاتیش شانۆیه‌که له بوێری و خۆده‌ربازکردن و به‌هێزبوون.
بۆ نووسینی ئه‌م کتێبه، جێنس سه‌ردانی گونده‌که‌یانی کردووه له‌گه‌ڵ که‌س‌وکاری دایکی و دراوسێ و ناسراو قسه‌یکردووه، سه‌ردانی ئارشیڤی کاتی شه‌ری دووهه‌می جیهانی کردووه له ئه‌ڵمان و به‌م چه‌شنه ورده ورده و خشت به خشت، به‌سه‌رهاته‌که‌ی ساخکردووه‌ته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت له‌م کتێبه‌دا، نووسه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌وه ئه‌ڵمان بوو که شه‌ری هه‌ڵگیرساند و ئه‌و تاوانانه باسده‌کات که ئه‌ڵمانییه‌کان له رووسیا کردیان و ئه‌مجاره ئه‌پرسێت ئایا ئێستا ده‌کرێت بڵێین که دایکی ئه‌و و هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ڵمانییانه‌ی دیکه قوربانی رووسه‌کان بوون؟ ئه‌و پرسیاره وه‌ڵام ناداته‌وه‌و دایده‌نێت بۆ خوێنه‌ر خۆی.
3- خاتوو Ulrika Olsson ئولریکا ئوولسۆن ئه‌گه‌ر باش له‌بیری بێت ته‌مه‌نی چوارساڵ بوو که بۆ یه‌که‌م جار به‌ده‌ستی باوکی وای به‌سه‌رهات . . . ساڵی 1977 که هه‌شت ساڵان بوو، دایکی ئیتر به‌رگه‌ی نه‌ده‌گرت له‌گه‌ڵ باوکی ئولریکا که ببوو به ئه‌لکهۆلی و زۆر له‌گه‌ڵی خراپ بوو، هه‌ڵبکات. ئه‌و تاقه‌تی نه‌ما و داوای جیابوونه‌وه‌ی کرد. هه‌تا ئه‌وکات ئه‌وان وه‌کوو بنه‌ماڵه‌یه‌کی "نۆرماڵ" حیسابیان بۆ ده‌کرا؛ دایک و باوک و دوو برای گه‌وره و کچێک (که به‌رده‌وام ناوگه‌ڵی ژانی ده‌کرد) هه‌موویان پێکه‌وه‌بوون.
ئولریکای منداڵ و بێده‌ره‌تان دواتر رۆژانی یه‌کشه‌ممه ده‌چووه ماڵه یک ژوورییه‌که‌ی باوکی. ئا لێره‌دا بوو که زریانه‌خه‌و و کابووسه‌کانی زۆر به جیدی ده‌ستی پێ‌کرد. شه‌وانه که راده‌کشا، باوکی که بۆنی سه‌گی‌تۆپیوی لێده‌هات ئه‌وه‌نده‌ی خواردبووه‌وه، ده‌هاته باخه‌ڵی و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک داوای کاری سێکسی لێده‌کرد. . . ئه‌م کچه به‌سته‌زمانه به‌رده‌وام خوێنی لێده‌چوو، هاواریده‌کرد. ئولریکا ده‌یزانی ئه‌وه‌ی که روویئه‌دا نورماڵ نییه، به‌ڵام پێیوابوو خۆیشی نۆرماڵ نییه. ئه‌ی دایکه‌که ئایا هیچی ده‌زانی؟ نه‌ء!
هه‌مووجارێک که ئه‌م له ماڵ باوکی ده‌بوو ته‌له‌فوونی ده‌کرد بۆ دایکی و ئه‌گریا ئه‌یگوت با بێمه‌وه بۆ ماڵه‌وه؛ به‌ڵام دایکی تۆقی بوو له باوکی به‌تایبه‌ت له کۆتایی حه‌فته‌دا که به‌رده‌وام سه‌رخۆش بوو. که باوکی ئولریکا ژنی هێنا دایکی وایده‌زانی بوونی ژنێک له ماڵه‌که‌دا سه‌رخۆش بوون و هه‌ڵس‌وکه‌وتی باوکه‌که ده‌گۆڕێت. به‌ڵام نه دایکه لاوازه‌که‌ی ئولریکا، نه باوه‌ژن، نه براکانی که خه‌ریکی ژیانی خۆیان بوون، نه دوکتۆر و نه خوێندنگا هیچیان یارمه‌تیده‌ر نه‌بوون. هیچکامیان نه‌یانده‌زانی باوکی ئولریکا له‌گه‌ڵ ئه‌م کچه منداڵه به‌سته‌زمانه چیده‌کات. دوکتوره‌که‌ی به‌رده‌وام خه‌ریکی ئه‌وه‌بوو چاره‌ی چڵک و خوێنی ناوگه‌ڵ و پاشه‌ڵی بکات و قه‌ت بیری له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه که ئه‌مانه ره‌نگه به‌هۆی توندوتیژی و ده‌ستدرێژییه‌وه بێت. هه‌تا ساڵی 1992 که پۆلیس په‌یوه‌ندی گرت به‌م پزیشکه‌وه و لێره‌دا بوو که ئه‌ویش خێرا تێگه‌یشت چ قه‌وماوه.
دوایین جارێک که باوکی ده‌ستدرێژی کرده سه‌ری، ئولریکا 14 ساڵان بوو له ئوتومبیله‌که‌ی باوکی‌دا بوو که وایلێکرد. که خوێن و چڵک ده‌رکه‌وت، باوکی به توندی قژی ئه‌کێشێت و ئه‌ڵێت له‌بیرت بێ که ئه‌مه نهێنی من و تۆیه و قه‌ت هیچ رووینه‌داوه. ئولریکا بیری کرده‌وه "هه‌ڵبه‌ت روویداوه، به‌ڵام ئه‌مه ئاخر جارده‌بێت." ئه‌و هه‌روه‌کوو چۆن توانی ئه‌م کاره دزێوه‌ی باوکی بشارێته‌وه، هه‌روه‌ها توانی خۆی له باوکی بزربکات. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی خراپ؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوڕێ و که‌سێکی وه‌های نه‌بوو، تووشی که‌سانی خراپ و موخه‌ده‌رات و خواردنه‌وه بوو. . .
پاش ماوه‌یه‌ک به‌یارمه‌تی مامۆستایه‌ک، که‌وته خوێندن و سه‌رکه‌وتنیشی هه‌بوو؛ له‌گه‌ڵ کورێک بوو به هاورێ و دایک‌و باوکی کوڕه‌که زۆرباش بوون له‌گه‌ڵی. . . به‌ڵام له‌لای ئه‌وێش نه‌حه‌سایه‌وه و له‌هیچ لایه‌ک ئۆقره‌ی نه‌ده‌گرت. . . سه‌فه‌رێکی کرد بۆ یۆنان و دیسانه‌وه بێ‌ئاکام گه‌رایه‌وه، دیسان هاورێیه‌کی دیکه و ژیانێکی به رواڵه‌ت ئاسایی. ئێواره‌یه‌کی ساڵی تازه‌یک که خواردبوویه‌وه به‌ده‌م هه‌نسکی گریانه‌وه له‌به‌رچاوی ئه‌و کوڕه و براگه‌وره‌که‌ی خۆی هه‌مووشتێکی باوکی گێڕایه‌وه. . . کوڕه‌که به‌جێیهێشت و دیسانه‌وه به ته‌نها مایه‌وه. هه‌وڵیدا خۆی بکوژێت به‌ڵام زوو فریای که‌وتن. . .
ئولریکا 22 ساڵان بوو که رۆژێک یه‌کسه‌ر چوو بۆ لای پۆلیس و هه‌موو شتێکی بۆگێڕانه‌وه و شکایه‌تی له باوکی‌کرد. . هه‌موو به‌ڵگه‌کان له کۆن و تازه که‌وتنه ده‌ره‌وه‌و باوکی سه‌ره‌رای ئینکار و به‌درۆزن دانانی کچه‌که‌ی، به‌تاوانبار ناسرا و زیندانی بۆ ده‌رچوو و ده‌بوو خه‌ساره‌تی زۆریش به ئولریکا بدات.
دوای چه‌ند ساڵ بوو به هاوسه‌ری کابرایه‌ک که ماوه‌ی 11 ساڵ هه‌موو هه‌وڵێکی له‌گه‌ڵدا بۆ ئه‌وه‌ی ئولریکا ژیانێکی ئاسایی هه‌بێت؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئاکامێکی بۆ ئولریکا نه‌بوو. له‌م هاوسه‌ره یارمه‌تیده‌ره‌ش جیا ده‌بێته‌وه و دڵی له‌هیچ شوێنێک ناحه‌وێته‌وه. پاش ماوه‌یه‌ک کابرایه‌ک ده‌بێته هاوسه‌ری که ده‌یه‌وێت له ناو له‌شی ئولریکای داهێزاو و تێکشکاودا ئه‌و ئولریکا بچکۆله، گه‌ش و بيگه‌رده ببینێته‌وه. ئه‌م خه‌مخۆری و دڵسوزییه ئه‌نجامه‌که‌ی بوو به‌وه‌ی که ئولریکا ساڵی 2003 کتێبێکی نووسی له ژێر سه‌ردێڕی "بۆ هه‌زاره‌مین جار". . .
ئولریکا ئێستا هاوسه‌ر و کوڕ و کچێکی هه‌یه و خۆی ئه‌ڵێت من ئه‌بێت ئاگام له سێ منداڵ بێت؛ خۆم و هه‌ردوو منداڵه‌که‌م! ئه‌و ئه‌ڵێت ئیتر بۆم گرینگ نییه باوکم له کوێیه و ئایا ئه‌م کتێبه‌م ده‌خوێنێته‌وه یان نا. من به نووسینی ئه‌م کتێبه جارێکی دیکه چوومه‌ته‌وه به ناو داڵانه تاریکه‌کانی ژیانی رابردوومدا و سه‌رله‌نوێ ئێش و ئازاره‌کانم بینیوه‌ته‌وه. ماوه‌یه‌کی پێچوو هه‌تا له‌گه‌ڵ دایکم دیسانه‌وه په‌یوه‌ندیم گرت و ئێستا نێوانمان خۆشه.
ساڵی 2008 دووهه‌مین کتێبی ئولریکا چاپ‌کرا له ژێر سه‌ردێڕی "دوایین شه‌ڕی ئولریکا" که تێیدا باسی ساڵه‌کانی پاش چاپی کتێبی یه‌که‌م و به‌سه‌رهاتی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی خۆی ده‌گێرێته‌وه. له وه‌ڵامی پرسیارێکدا که ئێستا ده‌ته‌وێت چیبکه‌یت ئه‌ڵێت: له‌وانه‌یه بگه‌رێم و له‌کۆڕو کۆبوونه‌وه‌کاندا باسی به‌سه‌رهاتی خۆم و کتێبه‌کانم بکه‌م. به‌م چه‌شنه ئه‌مه‌وێت یارمه‌تی ئه‌و ژنانه بده‌م که له‌لایه‌ن که‌سی نزیکی خۆیانه‌وه ده‌ستدرێژی ده‌کرێته سه‌ریان. ئه‌وان ده‌توانن نه‌هێڵن و پێشی پێبگرن و ده‌توانن ژیانێکی باشتر هه‌ڵبژێرن؛ من بۆ خۆم به‌ڵگه‌یه‌کی زیندووی ئه‌و به‌سه‌رهاته‌م.
4- رۆژێکیان کارۆلین ویلفۆکس ته‌مه‌ن 21 ساڵ له‌کاتێکدا که کچێکی هاورێی له‌ماڵه‌که‌ی بوو، چووه به‌ر درگا زبڵ برێژێت. دووپیاوی گه‌نج داوای یارمه‌تی لێده‌که‌ن و ئه‌ڵێن ئوتومبیله‌که‌یان خراپ بووه و پێویسته پاڵی پێوه‌بنێن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌هێزن ئه‌ڵێن: زه‌حمه‌ت نه‌بێت تۆ دانیشه له‌پشت ئوتومبیله‌که با ئێمه پاڵی پێوه‌بنێین. ئه‌ویش قبووڵی ئه‌کات؛ له ناکاو دو پیاوه‌که ده‌یکێشنه ئه‌ولاوه و ده‌یڕفێنن. پاشان هه‌ردووکیان ده‌ستدرێژی ده‌که‌نه سه‌ری. هاورێ کچه‌که‌ی له‌ماڵه‌وه میوانی بوو، هه‌ر چاوه‌روانه و نازانێت له‌به‌رچی کارۆلین له‌باتی یه‌ک دوو خوله‌ک ئه‌وه‌نده‌ی پێچووه. سه‌ره‌نجام بۆی ده‌رده‌که‌وێت که کارولین له پارکینگێکی دوور به‌داماوی فرێدراوه.
کارۆلین ئه‌ڵێت نازانم بۆ ئه‌وه‌نده ساویلکه بووم که فریوی قسه‌ی ئه‌و دووپیاوه‌م خوارد. به‌ختی هه‌بوو که ته‌له‌فوونه‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆی بردبوو. پاش ماوه‌یه‌ک به یارمه‌تی هاورێکه‌ی بۆی ده‌رکه‌وت که له شوێنێکی دوور فرێدراوه. ئه‌و سه‌ره‌تا ئاماده نییه پولیسیش ئاگاردار بکرێته‌وه: ده‌یه‌ویست به‌په‌له له‌شی خۆی بشۆرێت و هه‌مووشتێک بشارێته‌وه، به‌ڵام هاورێکه‌ی به‌قسه‌ی ناکات و خێرا ته‌له‌فوون ده‌کات بۆ پۆلیس. کارۆلین بۆی ده‌رکه‌وت که پۆلیسه‌کان به‌بێ ئه‌وه‌ی پرسیاری زۆری لێبکه‌ن زۆر به‌باشی له حاڵه‌ته‌که‌ی گه‌یشتن و خێرا بردیانه لای پزیشکی پسپۆر و هه‌موو شوێنه‌واری ده‌ست و له‌شی پیاوه‌کان هه‌ڵده‌گرن بۆ پشکنینی "دی.ئێن.ئه‌ی".
کارۆلین تووشی حاڵه‌تێکی واده‌بێت که له هه‌مووشتێک تووڕه‌یه، درگا له‌سه‌ر خۆی داده‌خات و نایه‌وێت له‌گه‌ڵ که‌س بدوێت. رۆژنامه‌کان له‌سه‌ریان نووسیوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌س بزانێت که ئه‌وه کارۆلینه. به‌رده‌وام تووڕه‌ییه‌که‌ی به‌سه‌ر دایکیدا ده‌شکێنێته‌وه. . . به‌ڵام ورده ورده هه‌مووشتێک له‌گه‌ڵ دایکی باسده‌کات و زۆر لێی نزیک ده‌بێته‌وه. سێ رۆژ پاش ئه‌و رووداوه له یادداشتی رۆژانه‌یدا ئاوای نووسیوه: " ئایا من ئه‌توانم جارێکی دیکه وه‌کوو مرۆڤێکی ئاسایی بم "؟ پاشان به‌یارمه‌تی هاورێیه‌کی ده‌چێته شوێنێک وهه‌تا ده‌توانێت ده‌گری و بیر ده‌کاته‌وه و سه‌ره‌نجام دێته سه‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌موو رووداوه‌که بنووسێته‌وه.
که‌متر له دوو ساڵ دوای ئه‌وه کتێبێکی نووسیوه له‌ژێر سه‌ردێڕی " ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر ژنێک،(به‌ڵام منی نه‌گریس قوربانی نیم) ". ئه‌م کتێبه له‌سه‌ر یادداشتی رۆژانه نووسراوه و باسی ئه‌و ئێش‌وئازاره ده‌کات که به‌سه‌ریدا هاتووه. مه‌به‌ستیشی ئه‌وه‌یه که یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌که‌ونه وه‌ها دۆخێکه‌وه؛ چ که‌سانێک که ده‌ستدرێژی کراوه‌ته سه‌ریان، چ بنه‌ماڵه‌و که‌س‌وکاریان که کاتێکی دژواریان هه‌یه، به بارودۆخێکدا تێپه‌ریون و سووکایه‌تییان پێکراوه.
کارۆلین له‌م کتێبه‌دا رووبه‌رووبوونه‌وه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ دۆست و که‌س‌وکارو پۆلیس و پزشکان و هی‌دیکه‌ش ده‌گێرێته‌وه. زۆر دڵ له‌دوایه ئاخۆ ده‌توانێت جارێکی دیکه له‌که‌سێک نزیک بێته‌وه و خۆشی بوێت؟ ئایا جارێکی دیکه پیاوێک ده‌توانێت بێته ناو ژیانی ئه‌وه‌وه؟
ئێستا چه‌ندساڵ پاش ئه‌و کاره‌ساته، کارۆلین هاوسه‌ر و منداڵێکی هه‌یه . . . خۆی ئه‌ڵێ ده‌کرێ بڵێم که ئێستا ژیانێکی ئاساییم هه‌یه. من نامه‌وێت وه‌کوو قوربانییه‌ک چاوم لێبکه‌ن به‌ڵکوو ئه‌بمه سیمایه‌کی رووبه‌ده‌ره‌وه بۆ هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی که به نه‌ناسراوی له سه‌ر لاپه‌ره‌ی رۆژنامه‌کاندا وه‌کوو "ئه‌و ژنه‌ی ده‌ستدرێژی کراوه‌ته سه‌ری" باسده‌کرێن. ئه‌و ئه‌ڵێ : سه‌یره ئێستا من خۆم به‌به‌خته‌وه‌ر ئه‌زانم. جاران زۆر بیرم له رووکه‌شی خۆم، له‌جلی جوان و له‌وه ده‌کرده‌وه که ئه‌بێت به‌رده‌وام زیره‌ک بم؛ به‌ڵام ئێستا ژیان مانایه‌کی دیکه‌م پێده‌به‌خشێت.
ئه‌م بابه‌ته له پاشکۆی رۆژنامه‌ی رێوان 2008/11/25 به بۆنه‌ی 25ی نۆڤه‌مبه‌ر رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ژنان بڵاوکراوه‌ته‌وه.
ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری
ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری
|
|
|
|
|
|
|
|