|
|
|
|
|
6.توێژینه‌وه‌ی کاره‌ساتێکی گه‌وره:دۆعا، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، میدیای ره‌سمی
رووداوی به‌ردبارانکردنی دۆعای جوانه‌مه‌رگ و دڵ پڕ له‌ئه‌وین، له‌به‌رچاوی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕۆژی رووناک شه‌ممه ۲۰۰۷/۴/۷ روویداوه، به‌ڵام میدیای کوردی و ده‌ره‌وه ته‌نها پاش تیرۆرکردنی دڕندانه‌ی ۲۴ کرێکاره ئێزیدییه‌که له رۆژی ۲۰۰۷/۴/۲۲ دا باسیده‌که‌ن . . !
پرسیارێکی گه‌وره دێته‌پێش: ئه‌م ماوه‌یه‌ی نێوان ۷ی‌مانگی چوار و ۲۲‌ی مانگ واته شازده رۆژ که به‌سه‌ر روودانی ئه‌م کاره‌ساته بێوێنه‌و جه‌رگبڕه‌دا تێپه‌ڕبوو، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان و عێراق، میدیای ره‌سمی و رێبه‌رانی ئایینی له‌کوێ بوون؟
پرسیارێکی دیکه‌ش که مرۆڤ ده‌توانێ له خۆی بکات ئه‌مه‌یه: ئایا ئه‌گه‌ر له‌باتی له‌شی لاواز و بێگوناهی کیژۆڵه‌ی گه‌نج دۆعای جوانه‌مه‌رگ له‌و رۆژه‌دا هه‌ر له‌و شوێنه به‌ردیان بگرتایه‌ته ره‌سمی سه‌رۆکی کوردستان یان سه‌ره‌ک کۆماری ئێراق، ئایا به‌خێرا و هه‌ر له‌ڕێگای یه‌کێک له‌و هه‌موو ته‌له‌فوونه موبایلانه‌وه هه‌واڵه‌که نه‌ده‌گه‌یشته دام و ده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی؟ له وه‌ها حاڵه‌تێکدا ئایا کاردانه‌وه‌ی توندی به‌شوێنه‌وه نه‌ده‌بوو؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتداران و نوێنه‌ران و به‌رپرسانی حیزبی باڵاده‌ست خێرا لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر نه‌ده‌کرد و کامێرای ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کان به‌ره‌و ئه‌وێ وه‌ڕێنه‌ده‌که‌وتن؟ . . . ئایا . . . ئایا . . ؟
به‌ڵام خۆ وانه‌بوو. ده‌با به‌پشتبه‌ستن به رۆژنامه ره‌سمییه‌کانی «خه‌بات» و «کوردستانی نوێ» و زانیارییه‌کانی هه‌فته‌نامه‌ی سه‌ربه‌خۆی «ئاوێنه» بزانین ره‌وتی رووداوه‌که چۆن بوو.
کرۆنۆلۆژی رووداوه‌که:
- به‌پێی گوته‌ی تاڤگه خان که‌دانیشتووی شاری ئوپسالای سوێده ( له چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئێکسپرێسن‌ی سوێد رۆژی ۲۰۰۷/۴/۲۶) دۆعا، که براده‌ری تاڤگه‌خان بووه، پێش چه‌ند ساڵ له خانه‌یه‌کی ئه‌منی ژنان ژیاوه له کوردستان.
- دۆعا له‌گه‌ڵ «موهه‌ندی» ۱۷ ساڵان په‌یوه‌ندی ئه‌وینداری هه‌بووه؛ موهه‌ندی ئه‌ڵێ من داوام له دۆعا نه‌کردووه ببێته موسوڵمان هه‌رئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌وینداریمان هه‌بووه.
- برایه‌کی موهه‌ندی وتی: دۆعا موسولمان نه‌ببوو براکه‌یشم نه‌یگوتبوو ببێته موسوڵمان ته‌نها په‌یوه‌ندێکی ئه‌وینداری بوو و به‌س. . . (سه‌رچاوه ئاوێنه ۲۰۰۷/۵/۱)
- رۆژی۲۰۰۷/۴/۶
له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه (دیار نییه کێیه) دۆعا له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌که‌ی که کورێکی عه‌ره‌بی موسوڵمانه به‌ناوی موهه‌ندی، هێنراوه‌ته گوندی به‌حزانی که سه‌ر به ناحیه‌ی باشیک (به‌عشیقه). که‌سێک به ناوی خێری شنگالی له لاپه‌ره‌ی شه‌شی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ ۲۰۰۷/۵/۲دا نووسیویه‌تی: «. . . ئه‌و کچه زنای کردبوو له‌گه‌ڵ کورێکی موسوڵمان و خۆی شاردبووه‌وه له ماڵی سه‌رۆکی قه‌واڵان، سلێمان سڤۆ.»
دۆعا و کوره‌که یه‌کیان دیتووه و پاشان براونه‌ته ماڵی «مه‌زنێ قه‌والا سلیمان قه‌وال» له باشیک. ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌که (دیار نییه کییه) ئیمزایان له بنه‌ماڵه‌ی هه‌ردوولا (واته کوڕ‌و کچه‌که) وه‌رگرتووه که کێشه‌که گه‌وره نه‌که‌نه‌وه‌و کچه‌که نه‌کوژن تاکوو هه‌موو شته‌یه‌ک له گوندی به‌حزانی (که‌وادیاره گونده‌که‌ی ماڵی دۆعایه) دیار‌و ئاشکرا بکرێت (سه‌رچاوه ئاوێنه ۲۰۰۷/۵/۱)
سێشه‌ممه ۲۰۰۷/۴/۷ڕۆژی ڕه‌شی به‌ردبارانکردن
- د.عبدالعزیز کوڕی قه‌وال سلێمان ئه‌ڵێت که رووداوه‌که زۆر گه‌وره‌بووه‌وه و رۆژی دووهه‌م (واته ۷/۴) به ده‌یان که‌س له‌به‌ر ده‌رگای ماڵی ئێمه کۆبوونه‌وه‌و ده‌یانه‌ویست دۆعا به‌زۆر له‌ماڵ بێننه‌ده‌ر و بیکوژن. . . نه‌مانتوانی چی‌دی دۆعا بحه‌وێنینه‌وه و ره‌وانه‌ی که‌س‌وکارمان کرد. به‌ڵام ئه‌وخه‌ڵکه‌ی د‌ه‌ورووبه‌ی ماڵمان کۆببوونه‌وه ره‌جمیان‌کرد . ..
- ژێده‌رێکی ره‌سمی (دیارنییه ئه‌م ژێده‌ره ره‌سمییه کێیه؟) له باشیک وتی: ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌مانتوانی تدخل بکه‌ین. چونکوو ته‌سه‌ورمان ده‌کرد که « کێشه‌که به شێوه‌ی عه‌شایری چاره‌سه‌ر ده‌کرێت» و به‌و شێوه‌یه نایکوژن. چه‌ند پولیسیش که خه‌ڵکی ئه‌وێ بوون . . . (سه‌رچاوه ئاوێنه ۲۰۰۷/۵/۱)
فه‌رمایشه‌کانی جه‌نابی ژێده‌ر زۆر جێگای سه‌رنجن و هه‌تا سه‌ر ئێسقان نیشانده‌ری فه‌رهه‌نگی عه‌شیره‌تی پیاوسالارانه‌ی دژبه ژن و دژبه مرۆڤایه‌تی ده‌رده‌خات. له‌ڕاستیدا ده‌کرێت بڵێین جه‌نابی ژێده‌ری ره‌سمی مه‌به‌ستی له‌وه‌ی که «به‌شێوه‌ی عه‌شایری چاره‌سه‌ر ده‌کرێت» و هه‌روه‌ها «به‌وشێوه‌یه نایکوژن» ئه‌وه‌یه که ته‌سه‌وریان ده‌کرد دۆعایش هه‌روه‌کوو ده‌یان و سه‌دان کچ‌و ژنی دیکه به ته‌قه‌کردن و یان «خۆسووتاندن و یان خۆکوشتن» له‌ناوده‌برێت. . . کاره‌که‌یش به‌شێوه‌یه‌کی نهێنی ده‌یکه‌ن که له‌چاوی خه‌ڵکه‌وه دووربێت و له‌وانه‌یه نه‌ک هه‌ر بکوژ به‌ڵکوو له‌شی بێ‌گیانی ژنه‌که‌یش نه‌بیندرێته‌وه. شایه‌تی ئه‌مه‌ش ژماره‌ی رووله‌زیادی ژن و کچی کوژراو و سووتێندراو و «به‌ر گولله‌ی وێڵه‌کی» که‌وتوو و بێسه‌روشوێنکراوه له کوردستان.
هه‌ر چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر بوو که خانمێکی ئه‌ندام پارله‌مان له‌گه‌ڵ یه‌کێک له رۆژنامه‌کاندا باسی ئه‌وه‌ی کرد که دیارده‌ی کوشتن به ناوی نامووسه‌وه زیادی‌کردوه له کوردستان.
که رۆژی ۷ی مانگ دۆعا به‌ردبارانده‌کرێت، لێره‌دا ئیتر وه‌ک فیلمێکی سینه‌مایی وایه که کت‌وپڕ له ساته‌وه‌ختێکدا به‌هۆی بڕینی کاره‌باوه، رووداوه‌که ده‌وه‌ستێندرێت . . .!
نه له لای ده‌سه‌ڵات و نه‌له‌لای میدیای ره‌سمییه‌وه نه‌باسی گوندی ئه‌حزانی هه‌یه، نه کچێک به‌ناوی دۆعا بوونی هه‌بووه و نه‌هیچ رووداوێکیش نه‌ناحیه‌ی باشیک روویداوه . . .
ئه‌م بێده‌نگییه له رۆژانی دواییشدا هه‌ر به‌رده‌وامه . . .
- ۸/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- ۹/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- ۱۰/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- ۱۱/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- ۱۲/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- ۱۳/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- ۱۴/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- ۱۵/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- ۱۶/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- ۱۷/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- ۱۸/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- پێنجشه‌ممه ۱۹/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی (دواتر ئاماژه‌یه‌ک به‌م رۆژه ده‌که‌م)
- هه‌ینی ۲۰/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- له‌م رۆژه‌دا مه‌لای مزگه‌وتی زیناوه‌یی له موسڵ فتوای کوشتنی ئێزیدییه‌کانی داوه که گوایه ژنێکی موسوڵمانیان کوشتووه.(کوردستانی نوێ ۲۰۰۷/۵/۲ له‌نووسینی خێری شنگالی)
- ۲۱/۴ بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی
- یه‌کشه‌ممه ۲۲/۴
- بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات و میدیای ره‌سمی؛
- ۲۴ کرێکاری ئێزیدیی خه‌ڵکی باشیک به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دڕندانه و له‌به‌ر چاوی ده‌یان که‌س به‌ده‌ستی تێرۆریستان ده‌کوژرێن.
- هه‌ر له‌م رۆژه‌دا فیلمی ترسناک و هه‌ژێنه‌ری به‌ردبارانکردنی دۆعا له‌سه‌ر سایته‌کان بڵاوده‌بێته‌وه.
- دووشه‌مه ۲۳/۴
رۆژنامه‌ی خه‌بات «. . . سه‌رۆکی کوردستان کرده‌وه تێرۆریستییه‌که‌ی دژ به کوردی ئیزیدی خه‌ڵکی باشیک ئیدانه ده‌کات . . .»
هیچ باسێک له کوژران و به‌ردبارانکردنی دۆعاو فیلمه‌که ناکرێت!
رۆژنامه‌ی «جه‌ماوه‌ر»: « د. جینان قاسم وه‌زیری هه‌رێم بۆکاروباری ژنان ئه‌ڵێت من که له ڕۆژنامه‌که‌ی ئێوه ره‌سمه‌که‌م بینی گریام. ده‌بێ یاسا ده‌وری خۆی ببینێ. من چاوه‌ڕوانی راپۆرتی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانم.»
زۆر به‌داخه‌وه ده‌رده‌که‌وێت که یه‌که‌م خاتوو وه‌زیر ئاگای له به‌ردبارانکردنی دۆعا نه‌بووه و دووهه‌میش چاوه‌روانه له په‌رله‌مانه‌وه راپۆرتی بۆ بچێت. واته نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ر چاوه‌ڕوانه که ده‌سه‌ڵاتی یاسادانه‌ر راپۆرتی پێبدات!
رۆژنامه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م رۆژه هه‌ریه‌که و به‌شێوه‌یه‌ک باس له پیلانی ئیقلیمی و یان هی شوڤینیسمی عه‌ره‌ب و . . هتد ده‌که‌ن.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌شی دووهه‌م کلیکی ئه‌مه بکه
به‌شی دووهه‌م
ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری
|
|
|
|
|
|
|
|